Monday, December 4, 2017

ئەم نیشتیمانە

چ دۆزخێکە ئەم نیشتمانە، دۆزخێک کە بەشێکی ئینسانەکانی بۆیەکیان خولقانوە بەشێکیشی حوکومەتێکی فاشیست بۆ تاکەکانی، 
دۆزەخێک کە بۆمن زۆر لەو دۆزەخەی مەلاکان و پیاوانی ئاینی لە مناڵیەوە ئەیەن بەگوێمانا سامناکترە، ئاخر من بڕواناکەم خودا بەو میهرەبانیەوە ئاوا لە مەخلوقەکانی خۆی بکات ئەوەی کە من و تۆ و ئێمە بەم ڕۆژگارە بەیەکی ئەڕێژین لە شکاندنی کەرامەتی یەکتری لە کوشتنی هەستەکان لە بریندارکردنی رۆحی یەکتر.
ئەوەندەش ئینسانیەتمان تیا نەماوە بەڕێزەوە ماڵئاوای لە یەک بکەین داوای لێبوردن لەیەک بکەین
هەست بە بریندارکردنی بەرامبەرکانمان بکەین هەست بکەین لەسەر ووشە چ جەنگێکمان هەڵگیرسانوە تێبگەین کە ئەوانی کەش مرۆڤن سەرێک و دڵێکیان هەیە.
چ جەنگەڵێکە ئەم نیشتیمانە بەڵام پڕنییە لە پڵنگ و گورگ و کەمتیار پڕە لە ئینسانی دۆزەخی کە زۆر ناشەریفانەتر لە مەخلوقەکانی جەنگەڵ خەریکی یەکتری ڕاوکردنن بەناشەریفانترین شێوە بە ترسنۆکی لە پشتی پەردەکانەوە خەنجەری ژەهراوی لە سینەی یەکتری ئەسون 
ئەم جەنگە دورو درێژانە جەنگی مانەوەیە جەنگی دەوڵەمەند بوونە بە دزی و وێران کردنی دواین  جوانیەکانی ئەم شارانە جەنگی خواردنی ئەو مرۆڤانەیە کەشتێک لە جوانیان تیا ماوە
جێ هێشتنی ئەم دۆزەخەش بۆ دۆزەخێکی دی ئەم جیهانە  ڕۆشتن بۆ کوێ؟ بۆ مەملەکەتی هاتنەدی خەونەدزراوەکانمان؟  ئەو خەونانەی ئایلانی بێ خەون و بێ ئاگای لە دەردەسەریەکانی دنیا بەخنکانن دا؟ بۆ جێیەک کە هەزارەها  لەمپڕی تر لەبەردەمتا هەڵئەتۆقیت بۆ جێگایەک کە ڕەنگە هەزار سوکایەتی بە سەرڕەشی و غەریبیەکەت بکەن یان دواجار  وەک ئەوەی مرۆڤ نەبیت پشتەملت بگرن و هەڵت بەنەوە بۆ دۆزەخەکەی خۆت کە هیچی هی تۆ نیە تەنها ناسنامەکەت نەبێت، هەر خۆشمانین ئەم دۆزەخەمان دروست کردووە کەچی خۆشمان جێی ئەهێڵین.
لەنێو ئەم هەموو شەیتانەدا یان ئەبێت تۆش بچیتە سەر دینی ئەهریمەن یان ئەبێت ئیتر ئامادەبیت بۆ حەقیقەت بەهەموو ناهەقی و تاڵاوەکانیەوە وەک خۆی قبوڵی کەیت 
چونکە کۆتای هەیە ژیان بۆیە هەمیشە شتێک لە جوانی لە ژیانا ئەبینم چونکە ئەزانم دواجار ئەوان و  من و  تۆش ئەبین بە ئێکس و ئەچینەوە سەر حەقیقەتی خۆمان، 
تەنانەت ئێمە ئازادیش نین
ئازادی چییە؟ مرۆڤ نە بۆ لەدایک بوون و نە بۆ مردن پرس و جۆی پێ ئەکەن! زۆربەی نەخۆشیەجەستەیەکانی بە دەستی خۆی نییە و تیا یا ئازاد نییە، تەنانەت ئازاد نییە لە هەڵبژاردنی ڕەگەزی بەرامبەریش ئەمە گەورەترین ناهەقی ژیانە ئەویش بەدەست ئەو نییە و لەدەستی مرۆڤیكی تری وەک خۆیەتی و نیوەی لە ئازادی تیا یە، تۆ هەڵی ئەبژێریت ئەو تۆ هەڵنابژێرت و بە پێچەوانەکەشەیەوە کەسێک تۆ هەڵ ئەبژێرێت و تۆ ئەو هەڵ نابژێریت.
 ئازادی رەها نییە ئازادی رێژەیی هەیە، من تۆ ئازادنین لەوەی ئیش نەکەین چونکە ئەمرین لە برسا! لە هەزارها ڕوودا مرۆڤ ئازاد نییە کە باسکردنی تاقەت پڕووکێنە.

 هەر کات لە هیوا دوربم ئاسودەییی کەمم هەبووە، هەموو هیوایەکی خنکاوم هەست ئەکەم هێندەی ١٠ ساڵ لەتەمەنی خۆم زیاتر پیری کردووم  گەورەترین هەڵە لەژیاندا هەڵچنینی هیوا یە لەسەر مرۆڤێکی تر چاوەڕوانی کردن لە کەسێک کە پێکەنین بخاتە سەر دڵت ئارامیت لەم هەموو نائارامیەدا پێ بەخشێت، ئەشێت تەنهامرۆڤێک بتکات بە خۆشبەخترین مرۆڤی دنیا بەڵام تێ ئەگەم لەم زەمەنەدا نا چونکە ئەمە زەمەنی ژیانە بەدرۆ، ڕووخسارەی درۆینە هاوڕێی درۆینە هەمووشتێک بووە بە درۆیەکی گەورە.
٢١-٨-٢٠١٦
کۆتا پەرەگراف ٤-١٢-٢٠١٧

0 لێدوان:

Post a Comment